بەپێویستم زانی ئەم بابەتە بنووسم هەم بۆ رون بونەوە بۆ موسوڵمانان بەو مانایەی کە دەبێ خۆمان لە دینەکەمان شارەزابین ئینجا سەیری رەخنەی گاور و زەردەشتی و دژە ئیسلامییەکان بکەین چونکە گەر شارەزاییمان نەبێت ئەوا رەخنەکان مێشکمان داگیر دەکات و توشی گومان و دڵتەنگی دەبین بۆیە ئەم بابەتە یەکەم لەپێناو تێ گەیشتنی موسوڵمانان نوسیوە دوەم بۆ رەتدانەوەی رەخنەگران
فەرموودەکە(( عن أبي سعيد الخدري - رضي الله عنه - قال : خرج رسول الله - صلى الله عليه وسلم - في أضْحىً ، أو فِطْر ، إلى المصلى ، فَمَرَّ على النساء ، فقال : ( يَا مَعْشَرَ النِّسَاءِ تَصَدَّقْنَ ؛ فَإِنِّي أُرِيتُكُنَّ أَكَثر أَهْلِ النَّارِ ) . فقلن : وبم يا رسول الله ؟ قال : ( تُكْثِرْنَ الَّلعْنَ ، وَتَكْفُرْنَ الْعَشَيرَ ، مَا رَأَيْتُ مِنْ نَاقِصَاتِ عَقْلٍ وَدِينِ أَذْهَبَ لِلُبِّ الرَّجُلِ الحْازِمِ مِنْ إِحْدَاكُنَّ ) . قلن : وما نُقْصَانُ دِينِنَا وَعَقْلِنَا يا رسول الله ؟ قال : ( أَلَيْسَ شَهَادَةُ المرأَةِ مِثْلُ نِصْفِ شَهَادَةِ الرَّجُلِ ؟ ) . قلن : بلى ، قال : ( فَذَلِكِ مِنْ نُقْصَانِ عَقْلِهَا ، أَلَيْسَ إِذَاْ حَاضَتْ لَمْ تُصَلِّ وَلَمْ تَصُمْ ؟ ) . قلن : بلى ، قال : ( فَذَلِكِ مِنْ نُقْصَانِ دِينِهَا ) .))
صحیح البخاری ج٢/ص٥٣١
ئەم فەرموودەیە درووستە و لە زۆربەی صحیحەکاندا هاتووە و واتا زمانەوانییەکەی و رووکەشەکەی ئەوەیەکە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم لە ڕۆژی جەژندا قوربان یان رەمضان بووە دیارە گومان هەیە کە کام جەژن بوە ڕۆشتوە بەرەوە موصللا ئەو شوێنەی نوێژی جەژنەکانی لێ دەکرا بەلای ئافرەتەکاندا ڕۆیشت و پێی فەرموون ئەی کۆمەڵی ئافرەتان خێر و چاکە زۆر بکەن،چونکە وام نیشاندراوە کە ئێوە زۆرینەی ئەهلی ئاگربن،،ئافرەتەکان وتیان:لەبەر چی ئەی پەیامبەری خودا صلی الله علیه وسلم فەرمووی:لەبەر ئەوەی ئێوە زۆر کات زمانتان بە شێوەی ناشیاو بەکار دەهێنن قسەی بەخەڵک پێ دەڵێن تانەی پێ دەڵێن چاکە و شتی بەرامبەر لەبیر دەکەن کەسێکم نەبینیوە کە خۆی دین و ژیری ناتەواوبێت بەڵام توانای بردنی بیر و ژیری پیاوێکی زۆر دانای هەبێت..
وتیان:ئەی پەیامبەری خودا صلی الله علیه وسلم ناتەواوی دین و ژیریمان لە چییەوەیە؟فەرمووی:ئایا شایەتی ئافرەتێک بەنیوە شایەتی پیاوێک نییە؟
وتیان :بەڵێ:فەرمووەی: دە ئەوە هی ئەوەیە کە ژیری تەواو نییە
پاشانیش فەرمووی:ئەی کە دەکەوێتە سوری مانگانەوە واز لە نوێژ و ڕۆژو ناهێنێت؟وتیان بەڵێ:فەرمووی:ئەوەیش هی ئەوەیە کە دینی تەواو نییە
ئەمە واتا زمانەوانییەکەی فەرموودەکەیە و خەڵکانێکی نەزان وای راڤە دەکەن کە گوایە مەبەستی پەیامبەر صلی الله علیه وسلم لەم فەرموودەیە سوکایەتیکردن بووە بە ئافرەتان،بەڵام ئەگەر بگەرێینەوە سەر ڕاڤەکردنی زانایان دەبینین ئەم شێوازە دژی راڤەکردنی دژە ئیسلامییە کان و گاور و زەردەشتییەکانە،
ئێمەش لێرەدا و بەمەبەستی ڕاڤەکردنی فەرموودەکە بەشێوەیەکی زانستی و شیاو کۆمەڵێک تێبینی و سەرنج لەسەر فەرموودەکە بخەینە روو:
یەکەم:کاتێک ئێمە دەمانەوێت بەشێوەیەکی ڕاستییانە ڕاڤەی فەرموودەیەک بکەین پێویستە بگەرێینەوە وسەر ئەو کات و شوێنەی کە ئەم فەرموودەیەی تێدا هاتوە بۆ ئەوەی وەک خۆی لە واتا و مەبەستی فەرمودەکە تێ بگەین وەکو باسمان کرد ئەم فەرموودەیە لە ڕۆژی جەژندا و لەناو موصللادا گوتراوە کە ڕۆژی گەردەن ئازادی و لێبوردەیی و قسەی خۆشە شوێنەکەیش شوێنی پەرستن و کرنووشبردن و خوا لەخۆ ڕازیکردنە ئایا دەگونجێ پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم کە خوای پەروەردگار شایەتی ڕەوشت بەرزی و دڵنەرمی سۆزی بۆ دەدات بەرامبەر بە باوەرداران لەکات و شوینێکی ئاوادا ڕۆژی جەژن و موصلای هەڵبژاردبێت بۆ سوکایەتی پێ کردنی ئافرەتان و بێ هیوا کردنیان و بەکەم نیشاندانیان بەرامبەر بە پیاوان؟
ئەمە شتێکە قەت لە ڕەوشتی بەرزی ئەو پەیامبەرە صلی الله علیه وسلم ناوەشێتەوە،
خۆ ئەگەر ئەم فەرموودەیە لەکاتی تاوانبارکردن یان سزادانی ئافرەتێکدا بهاتایە لەسەر هەڵەیەکی گەورە بۆ نموونە زینای کردبێت یان دزی کردبێت یان هەر هەڵەیەکی تر دەمانگوت لەوانەیە وابێت یان ئەگەر لە کاتی تورەبوون و نارەحەتی پەیامبەر صلی الله علیه وسلم بهاتایە بەرامبەر ئافرەتان لەدەرئەنجامی کرداریکی نەشیاو یان هەر دەکرا ئەو جۆرە گومانە ببرایە کە سوکایەتی بێت،،هەر چەندە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا ئەوەی حەق نەبێت نەیفەرمووە بەتایبەتیش لەم کات و شوێنەدا کە هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەم جۆرە هەڵوێستانە تا فەرموودەکە وا راڤە بکرێت
دووەم:بەکارهێنانی ووشەی(نقص)واتە:(کەمی) لەژیری و ئایندا،
مەبەست پێی کەمی ژمارە و کەرەتە وەکو دوایی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم خۆی ڕاڤەی دەکات و دەفەرموێت:لەشایەتیدا شایەتی دوو ئافرەت بەرامبەر یەک پیاوە یان لەکاتی سوری مانگانەدا کۆمەڵێک لە نوێژ و پەرستنەکانی دەفەوتێت کە ئەمانە کەمییە لە ژمارە و حوکمدا نەک سوکییە لە کەسایەتی و ناخدا جیاوازی زۆریش هەیە لەنێوان کەمی ژمارە و حوکم لەگەڵ سوکی و کەسایەتی و ناخ.
سێ یەم:مەبەستی سەرەکی لەفەرموودەکە و هۆکاری بنەرەتی قسەکان وەکو لە سەرەتاکەیدا بۆمان دەردەکەوێت هەوڵدانە بۆ هاندانی ئافرەتان بۆ کاری چاکە و ئەنجامدانی پەرستنی زیاتر بۆ پرکردنەوەی ئەو کەم و کورییانەی کە بەهۆی هەندێک تایبەتمەندی جەستەیی ئافرەتەوە لە پەرستنەکانیدا روو دەدات، هەروەها ئاگادارکردنەوەی و
دوورخستنەوەیانە لەو ئاکار و رەفتارە خراپانەی کە زیاتر ئافرەتان ئاڵودە و توشی دەبن بەمەبەستی ئەوەی کە خۆیان چاک بکەن، ئەمەش بەڵگەی دڵسۆزی پەیامبەری خوایە صلی الله علیه وسلم بەرامبەر بە ئافرەتان نەک رق لێبونەوە و بە سوک سەیرکردن، چونکە ئەگەر یەکێک رقی لە یەکێک بێت و بەسوک سەیری بکات نایەت ئامۆژگاری بکات و سەرزەنشتی بکات ..پێشینان ڕاستیان وتوە کەدەڵێ(دۆستم ئەو کەسەیە کە دەمگرێنێ ) ؟
چوارەم:ئەم فەرموودەیە بەڵگەیەکی زۆر روون و ئاشکرایە لەسەر ڕێز و مافی ئافرەت لە ئیسلامدا کە دەبینین چۆن پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم بەسەری کردونەتەوە،بەتایبەتی بەر لە پیاوان لەو ڕۆژە پیرۆزەدا قسەی بۆ کردوون و ئامۆژگاری کردوون لەملایشەوە ئافرەتان بوێرانە و راشکاوانە پرسیار و بۆچونەکانیان عەرزی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم کردووە و ئەویش چەند بە سنگێکی فراوانەوە قسەکانی لێ قبوڵ کردن و بۆ چونەکانی خۆی و حوکمە شەرعییەکانی بۆ رون کردنوونەتەوە ئایا لە ڕۆژگارەکانی سەدەی ٢١ بانگەشەی ماف و ئازادی ژناندا کەس ئەو مافەی هەیە ئاوا قسە لە قسەی سەرکردەیەکدا بکات و قسەکانی پێ ببرێت و ئەویش بەو شێوەیە بەسنگێکی فراوان و گیانی بەبەزەیی لە خۆبوردەییەوە قسەکان وەربگرێت و رونکردنەوەیان لەسەر بدات؟
پێنجەم: کاتێک پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم قسە لەسەر ئەم کەموکورییانەی ئافرەتان دەکات مەبەستی ئەوە نەبوە کە ئەم جۆرە هەستکردنە لە ئافرەتدا قووڵ بکاتەوە یان بڵی هەموو ئافرەتان هەروان و قسەی ناشرین دەکەن و هەروایش دەمێننەوە بەڵکو مەبەستی ئەوە بووە ئافرەتان ئەم سیفەتەیان تێدایە با وازی لێبهێنن و خۆیان بپارێزن لەم کارانە
یان هەوڵبدەن لەبەر ئەوەی نوێژەکەیان کەمترە نوێژی سوننەت زۆر بکەن لەو کاتانەدا کە پاکن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو لایەنە پرکەنەوە ،،ئەم جۆرە قسانەش پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم نەک تەنیا بەرامبەر بە ئافرەت بەڵکوو زۆر جار بەرامبەر بە پیاوانیش بەکاری هێناوە ،،
بۆ نموونە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم دەفرموێت{انا امة امیة لا نکتب ولا نحسب} صحیح البخاری ج٢/ص٦٧٥
واتا:ئێمە ئومەتێکی نەخوێندەوارین، نوسین و ئەژماردەکردن نازانین،لێرەدا خۆ مەبەستی پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئەوە نییە گیانی نەخوێندەواری لە ئومەتی ئیسلامدا قوڵ بکاتەوە بەڵکو مەبەستی ئەوەیە هانمان بدات کە خوێندەواربین و خۆمان چاک بکەین ،چونکە ئێمە ئومەتی(اقرء) وخوێندەوارین ناکرێت نەخوێندەوار و نەفام بین.
شەشەم:مەبەستیکی تری فەرموودەکە بریتییە لە روونکردنەوەی چەند حوکمێکی شەرعی بۆ ئافرەتان لەوانە:هەوڵدانیان بۆ کاری چاکە و دورخستنەوەیان لە خراپە حوکمی شایەتی ئافرەت و پەرستنیان و کاریگەریان لەسەر پیاوان رونکردنەوەی هەر یەک لەم حوکمانە قسەی زۆر هەڵدەگرێت و لەشەرعیشدا حوکم تەنیا لە فەرموودەیەکەوە وەرناگیرێت بۆ زیاتر رونکردنەوەی ئەم حوکمانە ئەم چەند خاڵە دەخەینەروو
کاتێک شارع حوکمێکی شەرعی دادەنێت هەر چۆنێک بێت و هەرچەندێک بێت ئەگەر کەسەکان پێوەی پابەندبن بە هیچ شێوەیەک نابێتە مایەی کەم و کوری یان سوکی کەسەکان شایەتی ئافەرت یان لە پەرستنەکان هەر چەند و چۆنێک بێت پەروەردگار وای دیاری کردووە ،،بۆیە کاتێک نەخۆشێک لەبەر نەخۆشییەکەی رۆژوی رەمەزانی پێ ناگیرێت یان کەسێکی گەشتیار نوێژەکەی کورت دەکاتەوە،ئەمانە هیچ یان نابنە مایەی کەموکوری یان بەکەم سەیرکردنی مرۆڤەکان بەڵکو بەپێچەوانەوە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم لەو بارەیەوە دەفەرموێ{ان الله تعالی یحب ان تؤتی رخصه کما یحب ان تثتی عزائمه}صحیح ابن حبان ج٢/ص٦٩ الحدث(٣٥٤ــ قال شعیب الآرنؤوط:اسنادە صحیح
1- واتە خوای گەورە چەندی پێ خۆشە کە فەرمانەکانی جی بەجێ بکرێت لەکاتە ئاساییەکاندا ،،،ئەوەندەیشی پێخۆشە کە مۆڵەت و ئاسانکارییەکانی جی بەجێ بکرێت لە کاتە نائاساییەکاندا،بۆیە کاتێک ئافرەت لە سوری مانگانەدا واز لەنوێژ دێنێت یان رۆژوو ئەمەیش دیسانەوە جێ بەجێ کردنی فەرمانی خوایە و ئەم کارەی پێ خۆشە ئیتر ئەمە چۆن دەبێتە مایەی کەمی سوکی ئافرەتان؟!
2-سەبارەت بەوەی کە فەرموودەکە ئاماژەی پێ دەکات کە شایەتی دوو ئافرەت بە پیاوێک دەچێت،ئەمە حوکمێکی رەها نییە،بەڵکوو شایەتی ئافرەت بەپێی ئەو بوارو بابەتانەی شایەتی تێدا دەدات دەگۆرێ.لەهەندێک بواردا شایەتی یەک ئافرەت وەکو یەک پیاوە لەهەندێک بواریشدا شایەتی ئافرەتێک بەرامبەر بە دوو پیاوە،بەتایبەتی لەو بوارانەدا کەتایبەتن بە ئافرەتانەوە وەکو مەسەلەی شیرپێدان و کچێنی ئافەرت و، عیددە، نەسەب، کۆمەڵێ مەسەلەی هەستیاری تر،،بەڵام لەو بوارانەی کە پەیوەندی بە ئافرەتانەوە نییە وەکو بازرگانی وکڕین و فرۆشتن و ئەمانە چونکە ئەرکی ئافرەت نین ئافرەت زۆر خەمی پێوە هەڵناگریت،بۆیە دەکرێت زوو لەبیریشی بچێت.بۆیە لەم جۆرە بوارانەدا شایەتی دوو ئافرەت بە پیاوێکە چونکە ئەمە ئەرکی پیاوە نەک ئافرەت
یان هەندێک بابەتی تر هەیە وەکو بابەتەکانی تاوانکردن و سزادان دەربارەی پیاو کوشتن ودزی و تاڵانکردن ،لەم بوارانەدا ئیسلام وەکو ڕەچاوکردنێک بۆ هەستی ناسکی ئافرەت و پاراستنی تایبەتمەندییە دەروونی و جەستەییەکانی و نەشێواندنی ڕۆڵی پەروەردەکارانەی لەکۆمەڵدا ئافرەتی لەئەرکی شایەتیدان لەسەر ئەم جۆرە بابەت و ئاکارە ناشیاو زبرانە پاراستوە و دوری خستۆتەوە.
3-لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە لەرووی زانستیشەوە کێشی مێشکی پیاو لەکێشی مێشکی ئافرەت قورسترە،بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ئافرەت لایەنی سۆزداری بەهێزترە و لەململانێی نێوان ژیری پیاو وسۆزی ئافرەت سۆزی ئافرەت زاڵ دەبێت بەسەریدا پەیامبەری خواش صلی الله علیه وسلم لە فەرموودەکەیدا بە ڕوونی ئاماژە بەم ڕاستییە دەکات ئەمەش پەیوەندی بەوەوە نییە کەکێ لەکێ باشترە؟! بەڵکو پەیوەندی بە ڕۆڵ وئەرکی ئەم دوو ڕەگەزەوە هەیە لە ژیاندا،
پیاو کە ئەرکی دابینکردنی بژێویی ژیانی بەسەردا دراوە پێویستی زیاتری بە ژیریی بیرکردنەوە ومێشک هەیە،
لەبەرامبەریشدا ئافرەت کە بەخوێکەر و پەروەردەکاری منداڵە بناغەی خێزانە لە کۆمەڵگادا پێویستییەکی زۆری بە سۆز و خۆشەویستی هەیە،بۆیە خوای گەورە هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆیان بەهرەی پێداون.
جا ئەگەر وتمان ئافرەت کەم عەقڵە و بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بتوانێت زاڵ بێت بەسەر پیاوێکی زۆر دانا و ژیردا و تەواو کۆنترۆڵی عەقڵی بکات،وەکو پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم ئاماژەی پی دەکات، ئایا لەم هاوکێشەیەدا کێ کەم عەقڵە و کێ زۆر عاقڵە؟ بەدڵنیاییەوە لە خشتەبراو کەم عەقڵە نەک لە خشتە بە
لە کۆتاییدا دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەین کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ڕێزی تەواوی بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەم بونەوەرە دابین کردووە تایبەتمەندییەکانی ڕێز لێگرتووە و پاراستووە،هەریەکە ئەرک و ڕۆڵێکی پێ سپێردراوە کە لەگەڵ بونیاتی جەستەی دەروونی ئەو بونەوەرەدا گونجاو بێت.
کەمی و سوکی لەوەدایە کە مرۆڤ ئەرکێکی خۆی جێ بەجێ نەکات و لێی لابدات، نەک بەپێچەوانەوە
هەرکاتێکیش ویستمان تەفسیر یان راڤەی فەرموودەیەک بکەین پێویستمان بەوەیە کە هەموو فەرموودە هاو شێوە و هاوبابەتەکانی وەربگرین و لە دەرئەنجامی خوێندنەوەیەکی زانستی و بابەتیانە حوکمەشەرعییەکانیان لێ وەربگرین نەک تەنیا لە روانگەی فەرموودەیەکەوە بەپێی تێگەیشتنی خۆمان چۆنمان بوێت ئاوا شی بکەینەوە
ئاکۆ عومەر

0 التعليقات:
إرسال تعليق